ڕۆن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-31-02:02:00 - کۆدی بابەت: 6116
ڕۆن

ناوه‌ڕۆك

زەیت

چەورییەکە کە سەرچاوەکەی ڕووەک یان ئاژەڵ یاخود دەستکردە بە زۆری لە دروستکردنی خواردندا بەکاردێت، بە شێوەیەکی ئاسایی لە پلەی گەرمی ژووردا شلە، بەڵام هەندێک جۆری ڕۆن کە لە چەوری تێر پێکدێت وەک ڕۆنی گوێزی هیندی و ڕۆنی خورما لە دۆخی ڕەقیدان.

مێژووی دۆزینەوەی ڕۆن

لە زۆربەی ناوچەدا و بە هەزاران ساڵ پێش ئێستا خەڵکی دەستیان کردووە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی زەیت، هەرجۆرە خواردنێکیان لەبەردەست بوایە بەکاریان دەهێنا بۆ دەستکەوتنی ڕۆن بە مەبەستی جیاواز، لەسەردەمی کۆندا خەڵکی فێربووبوون کە خۆر یاخود ئاگرێکی زۆربەکاربهێنن بۆ گەرمکردنی ئەو ڕووەکانەی کە سەرچاوەی ڕۆنن تاکوو ڕووەکەکە ڕۆنەکەی لێ دادەچۆڕا و پاشان کۆ دەکرایەوە، چینییەکان و ژاپۆنییەکان ڕۆنی سۆیایان نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین بەرهەمهێناوە، لەکاتێکدا ئەوروپییەکانی باشور لە ٣٠٠٠ ساڵی پێش زاییندا زەیتی زەیتونیان بەرهمهێناوە، لە مەکسیک و باشوری ئەمریکاش تۆوی پاقلە و گوڵەبەڕۆژە دەبرژێنران و دەکوتران تاکوو دەبوون بە هەویرێک و پاشان لە ئاودا دەکوڵێنران و ئەو چەورییەی دەکەوتە سەرەوەی گیراوەکە وەک ڕۆن دەردەهێنرا، هەندێک جۆری ڕۆنیش بەم دواییانە و دوای پێشکەوتنی شێوازی بەرهەمهێنان دۆزرانەوە، بۆ نموونە زەیتی گەنمەشامی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٠دا بەرهەمهێنرا، یەکەم هەوڵ بۆ زیادکردنی بەرهەمی زەیت و کەمکردنەوەی ئەو پاشماوەی لە کاتی بەرهەمهێناندا جێدەمێنێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە چین، میسڕ، یۆنان، ڕۆما و چەند شوێنێکی تر دەستی پێکرد، بەردی گۆیی، شێوە قوچەکی یاخود لوولەکی بە شێوەی ستوونی یان ئاسۆیی هەندێک جاریش بەئاسانی پێیەکانی خۆیان بەکاردەهێنا بۆ شێلان و هاڕینی سەرچاوەی ڕۆنەکە و زیادکردنی ڕووکارەکەی، ماددە هاڕدراوەکە بە زووترین کات دەخرایە ناو بێژنگ و پەستانی دەخرایە سەر بە بەکارهێنانی دەسکەوانێک، یۆنانییە کۆنەکان و ڕۆمانەکان پەرەیان بەم پڕۆسەیەدا بە دروستکردنی ئامێری هاڕین و بەکارهێنانی جەڕ لەبری دەسکەوانە بۆ پەستان خستنە سەر سەرچاوەی ڕۆنەکە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.

لە ساڵانی ١٦٠٠ تاکوو ١٨٠٠ زایینی چەندین ئامێری جیاواز داهێنرا بۆ هاڕینی سەرچاوەکان و پەستان خستنە سەریان، لە ساڵی ١٨٥٦ بۆ یەکەمین جار ڕۆن بەرهەمهێنرا بە بەکارهێنانی توێنەر، لەسەرەتادا توێنەری وەک بەنزین بەناو ماددەکاندا تێپەڕدەکرا بۆ باشتر توانەوەی سەرچاوەی ڕۆنەکە، پاشان سیستمی بەردەوام داهێنرا بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆن کە تێیدا توێنەر تێپەڕنەدەکرا بەناو ماددەکاندا بەڵکو دەپرژێنرا بەسەریاندا، هەردوو ڕێگاکەی بەکارهێنانی توێنەر سەرکەوتوون و لە ئێستادا دەرهێنانی ڕۆن بە توێنەر ڕێگایەکی ستانداردە لە پیشەسازی بەرهەمێنانی ڕۆندا.

سەرچاوەکانی دروستکردنی ڕۆن

هەرجۆرێکی ڕۆن لە بەشێکی جیاوازی ڕووەکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و زۆربەی جار لە تۆوی ڕووەکەکەوە بەرهەمدەهێنرێت بۆ نموونە (گوڵەبەڕۆژە، لۆکە، کونجی و ناوکە ترێ)، هەندێک جۆری تر بە گوشینی ڕاستەوخۆی بەری ڕووەکەکە بەرهەمدێت بۆ نموونە زەیتی گوێزی هیندی لە بەشە سپییەکەی گوێزهیندی بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها زەیتی زەیتوون بە دەرهێنانی ناوکەکەی و گوشینی زەیتوونەکە بەرهەمدەهێنرێت.

پڕۆسەی بەرهەمهێنان

هەندێک لەو ڕۆنانەی کە لە ڕووەکەوە سەرچاوە دەگرن وەک زەیتی زەیتوون، گوێزی هیندی و گوڵەبەڕۆژە پێویستییان بە گەرمی نییە بۆ پەستان خستنەسەریان و بە ساردی بە پڕۆسەکەدا تێپەڕدەبن، ئەم شێوازە پێویستی بە پڕۆسەیەکی کەمترە و ئاسانترە، هەروەها ڕۆنێکی سوک و بەتامی لێ بەرهەمدێت کە گونجاوە بۆ بەکارھێنان لە دروستکردنی هەندێک خواردندا، زۆربەی سەرچاوەکانی تری ڕۆن گونجاو نین بۆ پڕۆسەی سارد چونکە بەو پرۆسەیە هەندێک توخمی نەخوازراو جێدەهێڵن لە ڕۆنەکەدا کە دەبنە هۆی تامێکی تاڵ و نەخوازراو، هەربۆیە ئەم ڕۆنانە بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕدەبن بۆ بەرهەمهێنان کە تامێکی خۆش و گونجاویان دەبێت.

جۆرە باوەکانی ڕۆن

هەڵبژاردنی باشترین ڕۆن بۆ بەکارهێنان پشت دەبەستێت بەو مەبەستەی کە بۆی بەکاردێت، گرنگترین شت کە پێویستە ڕەچاوبکرێت لەکاتی هەڵبژاردنی ڕۆنی گونجاو بریتییە لە خاڵی دووکەڵکردنی، خاڵی دووکەڵکردن بریتییە لەو خاڵەی کە تێیدا ڕۆن دەستدەکات بە سووتان و دووکەڵکردن، ئەگەر ڕۆنێک گەرمبکرێت تاکوو لە خاڵی دووکەڵکردن تێپەڕدەبێت جگە لەوەی کە بۆنێکی ناخۆش پەیدا دەکات زۆربەی پێکهاتەکانی ناویشی تێکدەچێت و زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.


سەرچاوەکان



1831 بینین