گەزۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-19-23:43:00 - کۆدی بابەت: 9088
گەزۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شیرینی گەزۆ (بە عەرەبی: المن و السلوی، من السما، بە ئینگلیزی: Manna) ئەو شیرینییەی کە ناوی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، شیرینییەکی ناودارە و لە ماددەی "مەن" دروست دەکرێت کە ماددەیەکی شیرینە لەسەر لق و گەڵای چەند جۆرە دارێک دروست دەبێت. مێژووی ئەم شیرینییە زۆر کۆنە و لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتووە و هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر مێژووەکەی نییە، بەڵام بەپێی دەقەکانی قورئان لە ئایینی ئیسلامدا کە لە سێ سوڕەت باسکراوە، ئەم شیرنییە بۆ نەوەی ئیسرائیلییەکانی گەلەکەی مووسای پێغەمبەر وەکوو بەخششێک نێردراوە.

پێکهاتە و چۆنیەتی دروستکردنی لە هەرێمی کوردستان

گەزۆ ماددەیەکی شیرینە کە لەسەر لق و گەڵای چەند جۆرێک لق دروست دەبێت. گەزۆ بەرھەمی جۆرە مێروویەکە کە لەسەر لق و گەڵای ئەو دارانە دەژێت. ئەو ماددەیەی لێی دروست دەبێت پێی دەگوترێت "مەن" کە ماددەیەکی سروشتی لینجی ڕەنگ سەوزە و جۆرە مێروویەک لە وەرزی زۆربوونیدا دەری دەکات، بە زۆری لەسەر گەڵا و داری گوێز و دار بەڕوو لە وەرزی پاییز بوونی هەیە.
شێوازی دروستکردنی لە وڵاتانی عەرەبی جیاوازە و ماددەی دروستکراوی زۆر تێدا بەکاردەهێنن، بەڵام گەزۆی کوردستان هیچ جۆرە ماددەیەکی دروستکراوی تێدا نییە و هەر بە تامە سروشتییەکەی خۆیەتی.
هەروەها دەکرێت هەندێک جۆری گەزۆ لە ئاسمانەوە وەکوو باران لەسەر گەڵای دارەکان بنیشن ئەم جۆرەیان لە کوردستانی عێراق زۆر باوە.
ئەو بەشەی دارەکە کە گەزۆکەی پێوەیە و ڕەقە لەلایەن جوتیارانەوە لێ دەرکرێتەوە و دەشکێنرێت، ناوەکەی ماددەیەکی لینجی سەوزە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەبەر هەتاو وشک دەکرێنەوە و دواتر کۆ دەکرێنەوە، دوای ئەوەی لە دارستانەکان کۆکرانەوە ماددەکە دەنێردرێت بۆ کارگەی شیرینییەکان و بە کیلۆ دەفرۆشرێتە خاوەن کارگەکان، سەرەتای پڕۆسەکە بە پاڵاوتن و لە بێژەنگدانی ماددە سەوزە وشکەکەوە دەست پێدەکات، لە هەموو وردە دار و خۆڵ و بەردی بچووک کە لەکاتی کۆکردنەوەدا تێکەڵی بووە پاک دەکرێتەوە.
دواتر بە بڕێکی دیاریکراو ماددەکە دەکرێتە دەفرێکی گەورەوە و بە ئەندازەیەکی دیاریکراویش ئاوی بۆ زیاد دەکرێت بۆ ماوەی ڕۆژێک دەخوسێنرێت، دواتر بۆ چەند کاتژمێرێک لەسەر ئاگر دەکوڵێندرێت، پاشان گیراوەیەکی خەست و چڕی وەکوو شیلە یان دۆشاوی لێ دروست دەبێت و ڕەنگێکی قاوەیی تۆخی هەیە. پاشان سپێنەی هێلکە لەگەڵ چەند جۆرە ماددەیەکی یەکگر تێکەڵاو دەکرێت و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەسەر ئاگر دەبێت، ئەو گەزۆیەی کە کوالێتییەکەی باشە بەهیچ جۆرێک شەکر یان ماددەی شرینکەر لەدروستکردنەکەی بەکارنایەت.
دەکرێت چەند بەرهەمێکی تر بۆ گیراوەکە زیاد بکرێت، نموونەی چەرەسات وەکوو فستق و گوێز، ئاوی گوڵ و هێل. گیراوەکە دوای ئەوەی کە لەسەر ئاگر لادرا بۆ ماوەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دەمێنێتەوە تاکوو ماددەکانی بە تەواوی یەکبگرن و چڕ ببنەوە. دوای ئەوەی کە گیراوەکە وشک بووەوە و یەکی گرت، بە شێوەی جۆراوجۆر کەرت دەکرێت و لە پاکەتی لە دار دروستکراو هەڵدەگیرێت و کۆگا دەکرێت، تاکوو بەهۆی ڕێژەی شێو و پلەی گەرمی زۆرەوە نەتوێتەوە، هەروەها بە مەبەستی ڕێگریکردن لە توانەوە و هەڵوەشاندنەوەی گەزۆکە لە ناو بڕێکی زۆر ئارد هەڵدەگیرێت، چونکە ئاردەکە یارمەتی یەکگرتنی زیاتری گەزۆکە دەدات و ڕێگری لە توانەوەی دەکات.

سوود و پێکهاتەی خۆراکی

بەهۆی ئەوەی کە شیرینییەکە ناوی لە کتێبە ئایینییەکان هێنراوە، هەندێک ئەم شیرنییە بە شیرینییەکی پیرۆز دادەنێن، تەنانەت بە "هەنگوینی خودایی" ناوزەندی دەکەن. هەروەها بەهۆی پێکهاتە سروشتییەکەیەوە بۆ چالاککردنی سیستمی دەماری و بەهێزکردنی یادەوەری و ژیری بەسوودە، هاوکات پڕۆتینی نێو گەزۆ لەلایەن لەشەوە زوو هەڵدەمژرێت. هەروەها یەک پارچە گەزۆ نزیکەی 65 کالۆری لەخۆدەگرێت.

ئەو ناوچانەی کە ئەم شیرینییە بەرهەم دەهێنن

ناوچەکانی وڵاتی ئێران، ئوردن و شام و عێراق ناودارترین بەهەمهێنەری ئەم شیرینییەن. دارستانەکانی نزیک چیای زاگرۆس لە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ناوچەی پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی لە عێراقدا لە ناودارترین بەرهەمهێنەرانی ئەم شیرینییەن. هەروەها گەزۆی ناوچەی ئەسفەهان و کرمانی ئێران زۆر ناودارن.


سەرچاوەکان



1568 بینین