شەربەتی سەوز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-06-11-16:42:00 - کۆدی بابەت: 13016
شەربەتی سەوز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەربەتی سەوز، شەربەتی تەندروستی سەوز، خواردنەوەی سەوز یاخود سموزی سەوز (بە عەرەبی: العصير الأخضر، بە ئینگلیزی: green juice یان Green smoothies) جۆرە خواردنەوەیەکە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەوزەی هەمەجۆری ڕەنگ سەوز پێکدێت بە تایبەت سەوزە گەڵاکان، هەروەها هەندێک میوەی ڕەنگ سەوز یان هەر میوەیەکی تری تێکەڵ دەکرێت بۆ شیرینکردن و باشترکردنی تامەکەی. دەتوانرێت شەربەتی سەوز لە ماڵەوە ئامادە بکرێت یان لە فرۆشگاکان بە ئامادەکراوی بکڕدرێت. بیرۆکەی ئەم خواردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ خانمێکی ڕووسی بە ناوی (ڤیکتۆریا پۆتینکۆ) لە سەردەمی هاوجەرخدا زۆر گرنگی پێدەدرێت و لە سیستمەکانی کێش دابەزاندن سوودی لێ دەبینرێت.

شەربەتی سەوز لە چی دروست دەکرێت؟

پێکهاتەی سەرەکی شەربەتی سەوز بریتییە لە سەوزە ڕەنگ سەوزەکان، پاشان دەتوانرێت دوو جۆر یان زیاتر میوەی تێبکرێت، هەندێک پێکهاتەی سەرەکی هەیە کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئامادەکردنی شەربەتی سەوز و باشتر وایە سەوزەی تازە و فرێش و ڕەنگ سەوزی تۆخ هەڵبژێردرێت، هاوکات دڵنیابە لەوەی کە سەوزەکان پاکن و بە باشی بیانشۆرەوە. پێویستە نیوەی پێکهاتەکان سەوزە بن و نیوەکەی تریشی میوە بن و لەگەڵ بڕی پێویست لە ئاو. دیارترین پێکهاتەکانیش کە بۆ ئامادەکردنی شەربەتی سەوز بەکاردەهێنرێن بریتین لە:

  • کەرەویز
  • مەعدەنوس
  • سپێناخ
  • کەلەرمی سەوز
  • خەیار
  • خاس
  • زەنجەبیلی توێکڵدار
  • لیمۆ
  • سێو (دەکرێت سێوی سەوز بەکار بهێنرێت)
  • ئەنەناس
  • تۆوی شیا
  • قەیسی
  • چەوەنەر
  • زڵق
  • گێزەر
  • ئاڵوو
  • کولەکە
  • گەڵای جەرجیر 
  • گەڵای نەعنا
  • ڕەیحانە
  • ئاو
  • سەهۆڵ

مەرج نییە ئەم پێکهاتانە هەمووی پێکەوە بەکاربهێنرێت، ئاساییە کە گۆڕانکاری تێدابکرێت و بڕەکەی بە ئارەزووی خۆتە، بەڵام پێویستە ئاگاداری پابەندبوون بە ڕێژەی ١:٢ بیت، واتە بۆ بەکارهێنانی هەر جۆرە میوەیەک دەبێت لە بەرانبەردا دوو جۆرە سەوزە بەکاربێنیت.

چەند شێوەیەک بۆ ئامادەکردنی شەربەتی سەوز

  • شێوازی یەکەم: خاس، خەیار، لیمۆ، کەرەویز، سێو.
  • شێوازی دووەم: خاس، کولەکە، خەیار، زەنجەبیل، کەرەویز، لیمۆ.
  • شێوازی سێیەم: خاس، ئاڵوو، کەرەویز، نەعنا
  • شێوازی چوارەم: ئەنەناس، سپێناخ، تۆوی سیا، خەیار، ئاڵوو، گەڵای نەعنا.

لە ماڵەوە شەربەتی سەوز چۆن دروست دەکرێت؟

  • پێویستە سەوزە و میوەکان بە باشی بە ئاو بشۆردرێنەوە.
  • سەوزەکان ورد بکە و میوەکانیش لەت لەت بکە.
  • لە ئامێری تێکەڵکردن و هاڕینی خۆراک پێکهاتەکان لەگەڵ ئاوەکە تێکەڵ دەکرێت و دەهاڕدرێن، لە سەرەتادا خەیار و کەرەویز و سەوزە ڕەقەکان بۆ ماوەی سێ خولەک دەهاڕدرێن، پاشان میوەکان و پێکهاتەکانی تر لەگەڵ ئاوەکە بۆ ماوەی سێ خۆلەکی تر بە خێرایی دەهاڕدرێن.
  • لە کۆتاییدا شەربەتێکی نیمچە توون دروست دەبێت و دەتوانیت بیپاڵێیت.
  • پاشان سەهۆڵی بۆ زیاد بکە و ئامادە دەبێت بۆ خواردنەوە.
  • پێویستە ڕاستەوخۆ شەربەتەکە بخورێتەوە و بۆ ماوەیەکی کەم دەتوانرێت لە ساردکەرەوە هەڵبگیرێت چونکە زوو تێکدەچێت و خراپ دەبێت.

سوودە تەندروستییەکانی شەربەتی سەوز

شەربەتی سەوز جێگرەوە نییە بۆ خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ، بەڵام تەنها خواردنەوەیەکە کە لە تێکەڵکردنی تێکەڵەیەک لە سەوزە و میوە ئامادە دەکرێت کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بە دژە ئۆکسێن و کانزا سروشتییەکان و ڤیتامینەکان نموونەی فۆلیک ئەسید و ڤیتامین سی و پۆتاسیۆم. هەروەها هەندێک توخم و ماددەی خۆراکی لەخۆدەگرێت کە جەستە پێویستی پێیەتی و جەستە ئەو ماددە خۆراکیانەی کە لە پێکهاتەکانی شەربەتی سەوزدایە بە ئاسانی هەڵیاندەمژێت، گرنگترین سوودەکانی شەربەتی سەوز بریتییە لە:

  • بەڵگە تەندروستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی شەربەتی تازە لە سەوزە یان میوە پاڵپشتی گەشەی بەکتریا بەسوودەکانی ڕیخۆڵە دەکات، ئەمەش تێکچوونەکانی هەرس کەمدەکاتەوە، وەک قەبزی، سکچوون، ئاوسانی گەدە و کێشەکانی هەرس.
  • خواردنەوەی شەربەتی سەوز لە بەیانیاندا و بە گەدەی خاڵی یارمەتیدەرە بۆ هاوسەنگکردنی pHـی لەش و جەستە بە چالاکی دەهێڵێتەوە.
  • لەش پاک دەکاتەوە لە ژەهر و کانزا قورسەکان.
  • شەربەتی سەوز لەش شێدار دەکات.
  • بەرگری لەش بەهێز و باشتر دەکات.
  • سوودبەخشە بۆ پێست و ڕەونەقداری پێست زیاتر دەکات.
  • یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات و میتابۆلیزمی لەش باشتر دەکات.
  • مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی نموونەی شەکرە و قەڵەوی و نەحۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.
  • خواردنەوەی سەوز هەستی تێری دەبەخشێت، بۆیە لە بەشێک لە ڕیجیم و سیستمەکانی کێش دابەزاندن وەکوو خواردنەوەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنرێت.

زیانە تەندروستییەکانی شەربەتی سەوز

ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستی یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە نموونەی نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی گورچیلە و کێشەکانی هەرس یان هەستیاری و بەرگەنەگرتنی خۆراکیان هەیە یان ئەو کەسانەی دەرمان بەکاردەهێنن پێش بەکارهێنانی شەربەتی سەوز لە سیستمی خۆراکیاندا پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەن، هاوکات نابێت زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و بڕی شەربەتی سەوز بکرێت و لەناکاو بۆ سیستمی خۆراکی ڕۆژانەت زیاد بکرێت، بەڵکو دەبێت لە سەرەتادا بە پلەبەندی و بە بڕی کەم کەم بخورێتەوە تاکوو جەستە لەگەڵی ڕادێت و تامەکەیت پێ قبوڵ دەکرێت، هاوکات لە سەرەتادا دەتوانیت بڕی میوەکە بەراورد بە بڕی سەوزەکان زیاتر بێت و بە پلەبەندی بڕی سەوزەکان زیاد بکەی. گرنگترین زیان و لایەنە نەرێنییەکانی شەربەتی سەوز بریتییە لە:

  • لای هەندێک کەس تامی خواردنەوەی سەوز زۆر پەسەند نییە، چونکە لە تێکەڵکردنی چەند میوە و سەوزەیەک دروست دەکرێت تامەکەی تاڕادەیەک نامۆیە.
  • زیانی بۆ گورچیلەکان هەیە، پێکهاتەی خۆراکی سەوزەی گەڵا سەوزەکان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بە ماددەی ئۆکسالەیت (Oxalate) یان ترشی ئۆکسالیک (Oxalic acid)، کە دژەخۆراکییە و بە هەندێک کانزا و ڤیتامینەوە دەبەسترێتەوە و ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی کۆئەندامی هەرس بۆ چەند جۆرە ماددەیەکی خۆراکی، بۆیە زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی شەربەتی سەوز دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ماددەی ئۆکسالەیت کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە و دروستبوونی بەردی گورچیلەکان.
  • دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری خوێن، شەربەتی سەوز ڕێژەیەکی کەم لە ڕیشاڵی خۆراکی و پرۆتینی تێدایە کە ئەو دوو ماددەیە زۆر گرنگن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی شەکر لە خوێندا، بۆیە شەربەتی سەوز بۆ ئەو کەسانە گونجاو نییە کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان ئەوانەی کێشەی بەردەوامیان لەگەڵ ڕێژەی شەکری خوێنی لەشیان هەیە.
  • ئەوکەسانەی دەرمان بەکاردەهێنن پێویستە لە خواردنەوەی شەربەتی سەوز ئاگادار بن، چونکە دەکرێت شەربەتی سەوز بەشێک لەو پێکهاتانەی تێدابێت کە کارلێکی نەرێنی لەگەڵ چەند جۆرێک دەرمان دەکەن، وەک ئەو سەوزە گەڵایانەی کە ڤیتامین kـیان تێدایە کارلێک دەکەن لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە بۆ کەمکردنەوەی چڕی خوێن بەکاردێن و کاریگەری دەرمانەکە ناهێڵن.
  • ڕێژەی ماددەی پرۆتین و ڕیشاڵ لە خواردنەوەی سەوزدا تێیدا کەمە.

چەند ڕێگایەک بۆ بەکارهێنان و خواردنەوەی سەوز بە شێوەیەکی تەندروست

  • شەربەتی ئامادەکراوی بازرگانی مەکڕن، چونکە زۆرجار ئەم خواردنەوەیە چەندان کرداری پرۆسێسکردنی بەسەردا هاتووە و شەکر و ماددەی پارێزراوی تێدایە کە دەکرێت بەهای خۆراکی کەم بکاتەوە، بەڵکو خۆت لە ماڵەوە بە بەکارهێنانی پێکهاتەی تازە و فرێش شەربەتەکە ئامادە بکە.
  • هەوڵبدە بیخۆیتەوە بەبێ ئەوەی زۆر بیپاڵێویت، چونکە بەبێ پاڵاوتن ئاست و ڕێژەی ماددەی ڕیشاڵی تێدا زیاد دەکات.
  • وەک جێگرەوەی ژەمە سەرەکییەکان بەکاری مەهێنە، بەڵکو لە نێوان ژەمەکاندا بیخۆ یان لەسەر گەدەی بەتاڵ یان پێش خەوتن یان لەگەڵ ژەمە سەرەکییەکان بیخۆرەوە.
  • ئەگەر دەتەوێت میوە لەم شەربەتەدا بەکاربهێنیت، پێویستە ئاگاداری پابەندبوون بە ڕێژەی ١:٢ بیت، واتە بۆ بەکارهێنانی هەر میوەیەک دەبێت لە بەرانبەردا دوو جۆرە سەوزە بەکاربێنیت.
  •  
  • هەوڵبدە هەەمووجارێک پێکهاتەکانی بگۆڕیت و هەمەجۆری تێدا بکەیت، واتا هەمووکات بە یەک شێوە دروستی مەکە، هەندێک لەو پێکهاتانەی کە پێشنیار دەکرێت بریتین لە سپێناخ، چەوەندەر، گێزەر، کەلەرم، قەیسی، خەیار، جەرجیر، زڵق، کەلەرم.


سەرچاوەکان



151 بینین