ناوهڕۆك
ناساندن
هۆکارەکانی دابەزینی لەناکاوی کێش (بە ئینگلیزی: The causes of sudden weight loss، بە عەرەبی: أسباب فقدان الوزن المفاجئ) کێشی جەستەی مرۆڤ مەرج نییە وەک خۆی بمێنێەوە و زیاد و کەم نەکات. بەڵام زیادکردنی زیاد لە ئاسایی یان دابەزینی زیاد لە ئاسایی کێشی لەش پێویستی بە دیاریکردنی هۆکار هەیە و نابێت فەرامۆشبکرێت.
دابەزاندنی کێشی لەناکاو
دابەزاندنی کێشی لەناکاو یان بێمەبەست پێناسە دەکرێت بە کەمبوونەوەی کێشی لەش بەبێ ئەوەی تاک هەوڵی پەیڕەوکردنی ڕێگاکانی دابەزاندنی کێش بدات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، واتا بەبێ ئەوەی مەبەستی دابەزاندنی کێشیان هەبێت. زۆر کەس هەن بە تێپەڕبوونی کات کێشیان زیاد دەکات یان دادەبەزێت، بەڵام لەناکاو یان بێمەبەست کێشی لەش دادەبەزێت کە ئەمە پێناسە دەکرێت بە کەمبوونەوەی کێشی جەستە بە ڕێژەی ٤.٥ کیلۆگرام یان دابەزینی ٥٪ی کێشی ئاسایی جەستەی کەسێک یان زیاتر لەو ڕێژانە، بە مەرجێک ئەمە لە ماوەی شەش بۆ دوانزە مانگ یان کەمتردا ڕووبدات و هۆکارەکانیشی نەزانرێت.
هۆکارەکانی دابەزاندنی لەناکاوی کێش
دابەزین یان کەمبوونەوەی کێشی لەناکاو و بەبێ مەبەست لەوانەیە نیشانەی چەند کێشە و حاڵەتێکی تەندروستی بێت، لەوانە:
زیادبوونی غودەی دەرەقی: لە حاڵەتی زیادبوونی غودەی دەرەقیدا، ڕژێنەکە بڕێکی زیاتر لە ئاسایی هۆرمۆنەکانی بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر پرۆسەکانی گۆڕانکاری لەش دەبێت. بەم پێیە لەش بڕێکی زۆر کالۆری دەسوتێنێت و لە ئەنجامدا تاکەکەسەکە کێشی لەشی دادەبەزێت. حاڵەتی زیادبوونی غودەی دەرەقی نیشانەی تری لەگەڵدایە وەک زیادبوونی جوڵەی ماسولکەکانی ڕیخۆڵە لەچاو ئاسایی هەروەها لێدانی دڵ زیاد دەکات و هەموو ئەمانەش لەوانەیە هەستکردن بە گرژی و دەمارگیری لەگەڵدا بێت یان ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان لە خەودا و هەستکردن بە ماندوویەتی.
نەخۆشی شەکرە: هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە جەستەدا کاردەکات بۆ گۆڕینی شەکری ناو خوێن بۆ وزە. دوو جۆری سەرەکی نەخۆشی شەکرە هەیە. لە جۆری یەکەمدا جەستە توانای دروستکردنی بڕی پێویستی لە ئەنسۆلین نییە، بەڵام لە جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرەدا جەستە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەنسۆلین بکات بەو شێوەیەی کە پێویستی پێیەتی. کاتێک سووتەمەنی لەش یان وزەی لەش تەواو دەبێت کە خانەکان پێویستیانە بۆ ئەوەی بە ڕێکوپێکی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، جەستە بە شێوەیەکی هەڵە مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا دەکات لەسەر بنەمای ئەو نیشانانەی لەش کە دەردەچن لە ئەنجامی نەخۆشی شەکرەوە. لێرەدا جەستە پێی وایە لە حاڵەتی برسێتیدایە و چەوری و ماسولکەکانی دەسوتێنێت و بەو پێیەش کێشی لەش دادەبەزێت. نەخۆشی شەکرە بە هەردوو جۆرەکەیەوە نیشانەی تری لەگەڵدایە وەک تینوێتی زۆر، برسێتی، ماندوێتی و میزکردنی زیاتر لە ئاسایی.
خەمۆکی: ڕەنگە دابەزینی کێش نیشانەی خەمۆکی بێت. خەمۆکی بە هەستکردن بە دڵتەنگی، بەتاڵی، یان خۆونکردن بێت بۆ ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر. بەو پێیەی ئەم هەستە نەرێنیانە کاریگەرییان لەسەر چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە هەیە، وەک چوونە سەر کار یان قوتابخانە. خەمۆکی کاریگەری لەسەر هەمان ئەو ناوچانەی مێشک دەکات کە دەست بەسەر ئارەزووی خواردندا دەگرن و کۆنتڕۆڵی دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش. هەرچەندە لە هەندێک کەسدا خەمۆکی ڕەنگە ئارەزووی خواردنیان زیاد بکات. نیشانەکانی خەمۆکی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و نیشانەکانی دیکەی هاوڕێی خەمۆکی بریتین لە دڵتەنگی بەردەوام، لەدەستدانی ئارەزووی خولیاکان، وزەی تاکەکەس کەم دەبێتەوە و تەرکیزی کەم دەبێتەوە. خەمۆکی لەوانەیە ببێتە هۆی حاڵەتی کەمخەوی یان تەنانەت خەوتنی زۆر، هەروەها حاڵەتی خەمۆکی هەندێک جار بیرکردنەوە لە مردن یان خۆکوشتنی لەگەڵدایە.
هەندێک جۆری دەرمان: هەندێک جۆری دەرمان هەن کە چارەسەری هەندێک نەخۆشی و حاڵەت دەکەن بە خێراکردن و زیادکردنی پرۆسەی زیندەچالاکی لە لەشدا. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی سووتانی کالۆری، یان هەندێک دەرمان ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەستی برسێتی بە کەمترکردنەوەی لە ئاسایی. ئەم دەرمانانە بریتین لە چالاککەرەکان، هاندەرەکان و دەرمانەکانی چارەسەری جۆری دووەمی شەکرە، دەرمانی چارەسەری کیمیایی شێرپەنجە و دەرمانی دژە خەمۆکی.
نەخۆشی شێرپەنجە: لە حاڵەتی شێرپەنجەدا، خانە زیانبەخشەکان دروست دەبن، لەوانەیە ئەم خانە زیانبەخش و ناتەندروستانە بڕێکی زۆرتر لە وزەی ئاسایی بەکاربهێنن. یان لەوانەیە ماددەی کیمیایی بەرهەم بهێنن کە شێوازی هەرسکردنی خۆراک لە جەستەدا بگۆڕێت. لە کاتی بوونی نەخۆشی شێرپەنجەدا کۆئەندامی بەرگری لەش زیادتر کار دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خانە زیانبەخشەکان ئەمەش جەستەی کەسەکە زیادتر ماندوو دەکات و ناچاری دەکات کالۆری زیاتر بسوتێنێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێشی لەش.
سستبوونی دڵ: کاتێک دڵ لەکاردەکەوێت و توانای پاڵنانی خوێن و ئۆکسجینی نابێت بۆ بەشە جیاوازەکانی لەش وەک پێویست. دەکرێت لەم کاتەدا کۆئەندامی هەرس خوێنی پێویست بەدەست نەهێنێت بۆ ئەوەی کارەکانی بە شێوەیەکی دروست و تەندروست ئەنجام بدات. هەروەها ئەمەش لەسەر بنەمای نەخۆشەکە دەبێت بە هەستکردنێکی ساختەی تێربوون و ڕێگری لە هەڵمژین و بەدەستهێنانی ماددە خۆراکیەکان دەکات.
فشاری دەروونی یان سترێس: شتێکی ئاساییە کەسێک لە حاڵەتەکانی وەک لەدەستدانی کار، جیابوونەوە، یان لە ئەگەری مردنی کەسێکی ئازیزیدا تووشی فشاری دەروونی ببێت. کەسێک کە تووشی حاڵەتی فشاری دەروونی دەبێت بەهۆی ڕووداوێکەوە پێویستی بەوەیە داوای یارمەتی لە خێزانەکەی، هاوڕێکانی، یان کەسێکی نزیکی بکات. هەروەها دەتوانێت پەنا بۆ گروپە چارەسەرییەکان ببات، بەڵام ئەگەر حاڵەتێکی دابەزاندنی کێشی بەردەوامی هەبوو، باشترە لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ قسە بکات.
هۆکارەکانی تر: هەندێک هۆکاری تر هەن کە دەکرێت دابەزینی کێشی جەستە یەکێک بێت لە نیشانەکانیان، لەو هۆکارانە بریتین لە:
- نەخۆشی ئەدیسۆن یان کەمی ئەدریناڵ.
- نەخۆشی گەنم یان نەخۆشی سیلیاک.
- گۆڕانکاری لە خواردنی خۆراک یان ئاستی ئارەزووی خواردن.
- نەخۆشی کرۆن.
- ڤایرۆسی نەمانی بەرگری مرۆڤ یان ئایدز.
- بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکانی وەک کۆکایین.
- نەخۆشی سیل.
- هەوکردنی کۆم، جۆرێکە لە نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵە.
- هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی.
چی کاتێک سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر کەسێک هەستی بە دابەزینی کێشی کرد بەبێ ئەوەی هەوڵی ئەوە بدات. پێویستە کاتێک بۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دیاری بکات، تەنانەت ئەگەر پێی وابێت هۆکاری پشت دابەزاندنی کێشی خۆی دەزانێت، باشترە شوێن گومان نەکەوێت و قسە لەکەڵ پزیشکی پسپۆڕ بکات و لە هۆکاری پشت دابەزینی کێشی دڵنیابێتەوە. چونکە هەندێک جار دابەرینی کێش دەکرێت نیشانەی حاڵەت و نەخۆشی مەترسیدار بێت. بەو پێیەی هۆکارەکان زۆرن کە دەبنە هۆی دابەزینی کێشی لەناکاو و نەخوازراو، کە ڕەنگە ئەمە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشانکردن قورس بکات، هەربۆیە هەندێک جار پێویست بە چەندین پشکنینی جۆراوجۆر و پشکنینی خوێن دەکات بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی کەمبوونەوەی کێشی جەستە.